گرینگ

نوێترین

مێژووی شاری ڕانیە

مێژووی شاری ڕانیە

رەوەند محمد

لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە ڕانیە سەر بە ئەمارەتی بابانبووە، دواتر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی میر محمدی ڕەواندز، دواتر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. ڕانیە لە ساڵی ١٨٩٧وە سنجاقێکی سلێمانی سەر بە ئەیالەتی شارەزووربووە کە ناوەندەکەی کەرکووک بووە. لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق ڕانیە قەزایەکی سەر پارێزگای ھەولێر بووە و لە ساڵی ١٩٥٧ خراوەتە سەر پارێزگای سلێمانی‌.

چەندین شوێنەواری مێژوویی لە دەڤەری ڕانیەدا ھەیە:

لە ناوەڕاستی شاری ڕانیە گەڕەکێک ھەیە بە بەری ڕۆژھەڵاتدا بەناوی گەڕەکی قەڵات کە بە کۆنترین گەڕەکی شاری ڕانیە دادەنرێت کە بناغەی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی بووە. مێژووی ژیان لەو قەڵاتەدا بۆ ھەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە. مامۆستا عەبدول ڕەقیب یوسف لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری ڕانیەدا دەڵێت: «مێژووی ژیان لەو قەڵاتەدا بۆ ٩٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە.» «عەلی سەید گەورانی» نووسەر و مێژوونوس، لە ساڵی ١٩٣٠ لە کتێبی «لە عەمانەوە بۆ ئامیدی»دا لە بارەی قەڵاتی ڕانیەوە دەڵێت: «ڕانیە گردێکی کۆنی تێدایە،گوایە لەشکری ئێرانی لە کاتی خۆی ھەڵیان بەستوە، ئێستا خانووە چین بە چینی بەسەریەوە دروستکراوە بە چەشنی قەڵای ھەولێر.» لە تەنیشت گەڕەکی قەڵات گردێکی مێژووی تر ھەیە بە ناوی «گردە دێمە».«گردی شمشارە» کە لە ساڵانی ١٩٥٧ بۆ ١٩٥٩ دا لە لایەن تیمێکی دانیمارێکی و عێراقیەوە پشکینیی بۆ کراوە، بە یەکێک لە کۆنترین گردەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت کە زیاتر لە ٢٤٧ نامەی بزماری و میخی و پەرستگایەکی سەردەمی ئاشووریەکان و ٧ چینی مێژووی تێدا دۆزراوەتەوە، ھەر سەردەمی پێش فەخفوری و حسونە، ورکا، ئاشوری و ھتد، بۆ دوای ھاتنی ئیسلام.گردەکانی بازموسیان و بوسکێن،دوگرادان، کامەریان و قورەشینە و دێمەتابلۆ ھەڵکۆڵراوەکەی لای دەستە ڕاستی دەربەند لە خۆرھەڵاتی شاری ڕانیە کە ھەڵکۆڵراوێکی مێژوویی ھەیە کە وێنەی مرۆڤێکە، بە ڕای ھەندێک لە شوێنەوارناسان پاشایەکی گۆتی یان لۆلۆییە، ئەم تابلۆ مێژووییە پانی مەترێک و بەرزی ٦٠ سانتیمەتر و نزیکەی ٢٠ مەتر لە زەویەوە بەرزە.

شاری ڕانیە لە سەردەمی نوێدا:

لە سەردەمی شیخ مەحمودی حەفید، بارەگای جێگری حاکمی سیاسی سلێمانی ئینگلیز لە دەربەندی ڕانیە بووە.شەری بەناوبانگی دەربەندی ڕانیە لە ٢٣/٨/١٩٢٢ بە یەکێک لە دیارترین ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دادەنرێت کە خێڵە کوردە نیشتەجێبوەکانی ئەو ناوچەیە ڕۆلێکی گەورەیان تێدا گێراوە.ڕاپەرینی ساڵی ١٩٨٢ و ڕاپەرینی ٥/٣/١٩٩١ کە بۆ یەکەم جارو لە شاری ڕانیە جەماوەری خەڵکی کوردستان بە گژ دەسەڵاتە خوێنرێژەکەی بەعسدا ھاتنەوە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە خوێنی ٨ شەھید شارەکەیان ڕزگار کرد، بەمەش دەروازەی ڕاپەرینی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان لە ڕانیە کرایەوە و بەرھەمی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی لێکەوتەوە، ھەر بۆ ئەمەش لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە نازناوی دەروازەی ڕاپەرینی پێدراوە.

Leave a Reply

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *